شاعیر: قانع
کتێب: گوڵاڵەی مەریوان
سەرناو: خەراباتی

شەوێ پیری خەراباتی، ئیشارەی جامی مەی کردم
تەماشا کە! لە ئەم لوتفە، حەواڵەی تەختی کەی کردم

لە چۆڵی جەهلەدا خنکاو و تینوو و بێ سەر و پێ بووم
بە ماسی بەحری زانینی، بەبێ تەنکاو و پەی کردم

لە عیلمی بادەنۆشی تێپەڕیم بۆ زاری و شیوەن
بە ئوستادی کەمانچە و عوود و تار و ساز و نەی کردم

کلیلی باخی دا دەستم، کە چوومە ناو گوڵ و گوڵزار
لە لەرزە و شانەکسکێی بەفر و سەرمای مانگی دەی کردم

وەها فێری مەلەی کردم، لە بەحری وەحدەتا ئەمڕۆ
لە گۆرانی بە باڵای چەشنی سەرو و مەمکی بەی کردم

چ ئومێدی بوو یا ڕەببی بە تەنیا یەک نەزەر قانع
بە سوڵتانی خەیاڵات و بە شاهی شاری ڕەی کردم